هه‌ولێر - محه‌مه‌د كه‌مال
نرخی ده‌رمان له هه‌رێمی كوردستان تادێت به‌رزده‌بێته‌وه و به‌پێی یاسای ده‌رمانخانه‌كان ده‌بێت به ڕێژه‌ی 30% قازانج بخرێته‌سه‌ر ده‌رمانه‌كان، به‌ڵام زۆرێك له ده‌رمانخانه‌كان زۆر له‌م ڕێژه‌یه زیاتر ده‌رمان به هاوڵاتیان ده‌فرۆشن، بۆیه بێزاری خۆیان ده‌رده‌بڕن و خاوه‌ن ده‌رمانخانه‌كانیش هۆكاری گرانی ده‌رمان ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ نه‌بوونی چاودێری له‌لایه‌ن سه‌ندیكای ده‌رمانسازانه‌وه، سه‌ندیكاكه‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه "سه‌باره‌ت به نرخی ده‌رمان هیچ یاساسه‌ك نییه".
مه‌سعود قاسم ته‌مه‌ن 23 ساڵ خه‌ریكی كڕینی ده‌رمان بوو، بێزاری خۆی له گرانی ده‌رمان ده‌ربڕی و وتی: "نرخی ده‌رمان زۆر گرانبووه و تادێت گرانتریش ده‌بێت"، بۆیه وتی: "ئه‌گه‌ر وابڕوات نه‌خۆشیش بكه‌وین ده‌بێ چاوه‌ڕی بكه‌ین به سروشتی خۆمان چاكبینه‌وه و نه‌توانین سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌كان بكه‌ین" هیواشی خواست كه لایه‌نی به‌رپرس چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌م كێشه‌یه بدۆزنه‌وه.
ئیدریس ئیبراهیم ته‌مه‌ن 25 ساڵ له شه‌قامی پزیشكان ده‌رمانی بۆ دایكه نه‌خۆشه‌كه‌ی ده‌كڕی ، وتی: "نرخی زۆر به‌رزبۆته‌وه و بێزاری كردوین، باجه‌كه‌شی ته‌نها خه‌ڵكی هه‌ژار ده‌یدات"، ئیدریس باسی له بێویژدانی ده‌رمانخانه‌كان كردوو ده‌ڵێت: "ده‌رمانخانه‌كان هیچ چاودێریه‌كیان له‌سه‌ر نییه، چونكه یه‌كجۆر ده‌رمان له هه‌ر ده‌رمانخانه‌یه‌ك به نرخێك ده‌فرۆشرێت، به‌ڵام ده‌بێ خاوه‌نی ده‌رمانخانه‌كانیش ویژدانیان هه‌بێت و ڕه‌چاوی مرۆڤایه‌تی بكه‌ن له دانانی نرخ"، بۆیه ئه‌م هاوڵاتییه ئه‌ركی هاونرخی بۆ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و سه‌ندیكا گێڕایه‌وه.
دكتۆر هیوا ئه‌حمه‌د له شه‌قامی پزیشكان له هه‌ولێر ده‌رمانخانه‌ی هه‌یه و باسی له نرخ كرد كه به‌گشتی له جیهان ده‌كرێته دوو جۆر و په‌یوه‌ندیان به سیستمی ئابووری خودی وڵاته‌كه‌وه هه‌یه، بۆیه وتی: "له سیستمی سۆشیالیستی جاراندا، نرخ به‌گشتی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه دیاریده‌كرا، له سیستمی سه‌رمایه‌داریشدا، نرخ ده‌كه‌وێته سه‌ر كێبڕكێ"، به‌ڵام دكتۆر هیوا وتی: "گرانی ده‌رمان له كوردستان سه‌ری له هه‌موو لایه‌ك شێواندووه، هه‌ر كه‌سێك به ئاره‌زووی خۆی نرخ داده‌نێت، كه ته‌نها هاوڵاتی باجه‌كه‌ی ده‌دات".
ئه‌و گرانی نرخی ده‌رمانی گه‌ڕانده‌وه بۆ دوو هۆكار و وتی: "نه‌بوونی چاودێری له‌سه‌ر نرخ یه‌كێكه له‌و هۆكاره‌كان، كه ئه‌ركی سه‌ندیكای ده‌رمانفرۆشانه، هۆكارێكی تر ئه‌وه‌یه كه بازرگانه‌كان، ده‌رمان له ده‌ره‌وه دێنن به ئاره‌زووی خۆیان نرخی له‌سه‌ر داده‌نێن".
كارگه‌ی ئاوامیدیكا كه ماوه‌یه‌كه له كوردستان ده‌ستی به كاره‌كانی كردووه و چه‌ندین جۆری ده‌رمان به‌رهه‌مدێنێت، به‌ڵام دكتۆر هیوا پێیوایه تاكو ئێستا ئه‌م ده‌رمانخانه‌یه نه‌كه‌وتۆته سه‌رپێ و ژماره‌ی ده‌رمانه‌كانیان زۆر كه‌مه نه‌بۆته هۆی دابه‌زاندنی نرخی ده‌رمان له كوردستان.
سالار قادر خاوه‌نی كۆگای قه‌ندیل بۆ ده‌رمان له هه‌ولێر، وتی: "به‌شێوه‌یه‌كی گشتی گرانی ده‌رمان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌بوونی چاودێری له‌لایه‌ن ده‌زگایه‌كه‌وه، كه زۆر كۆمپانیا ده‌بنه وه‌كیلی جۆره ده‌رمانێك و ده‌یهێننه كوردستان به ئاره‌زووی خۆیان نرخی بۆ داده‌نێن".
سالار پێیوایه كه چاره‌سه‌ر له‌لای سه‌ندیكای ده‌رمانسازانه و ده‌بێ چاودێری ته‌واوی كۆمپانیاكان بكات كه نه‌هێڵێت به‌ته‌نها ببنه وه‌كیلی جۆره ده‌رمانێك و بۆ ئه‌وه‌ی جۆره كێبڕكێیه‌ك دروست ببێت و ببێته هۆی دابه‌زاندنی نرخی ده‌رمان".
ئه‌حمه‌د سه‌لیم یاریده‌ده‌ری پزیشكه و خاوه‌نی ده‌رمانخانه‌یه له شه‌قامی پزیشكان له هه‌ولێر هۆكاری سه‌ره‌كی گرانی ده‌رمانی گه‌ڕانده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه "ئێستا زۆرێك له خاوه‌ن بیناكان دكتۆری باش ده‌به‌ن بۆ بیناكان و كرێی بیناكه له دكتۆره‌كان وه‌رناگرن له بڕی ئه‌وه ده‌رمانخانه‌یه‌ك له بیناكه داده‌نێن و نرخی زۆر بۆ ده‌رمانه‌كان داده‌نێن".
ئه‌حمه‌د هۆكارێكی تری گه‌ڕانده‌وه بۆ نه‌بوونی چاودێری و وتی: "به‌پێی یاسا ده‌بێت ده‌رمانخانه‌كان به‌ڕێژه‌ی 30%ی قازانج بۆ ده‌رمانه‌كان دابنێن كه ئه‌وه‌ش ڕێژه‌كی زۆره، له هه‌مانكاتدا زۆر له ده‌رمانخانه‌كان به ئاره‌زووی خۆیان نرخی بۆ داده‌نێن و ڕێژه‌ی قازانجه‌كه زۆرجار بۆ 60% ده‌ڕوات، كه ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌بوونی چاودێری".
دكتۆر مه‌عاز شیت سه‌رۆكی سه‌ندیكای ده‌رمانسازان لقی هه‌ولێر سه‌باره‌ت به یاسایه‌ك بۆ نرخی ده‌رمان وتی: "ده‌رمان گرانه، به‌ڵام تائێستا هیچ یاسایه‌ك نییه بۆ نرخ ، به‌ڵام ڕێنمایمان داوه‌ته په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕێنماییانه مساده‌قه بكه‌نه‌وه، تاكو بتوانین كۆنتڕۆڵی نرخی ده‌رمان بكه‌ین".
سه‌باره‌ت به كۆمپانیایانه‌ی كه ده‌رمان ده‌هێنن دكتۆر مه‌عاز وتی: "ئه‌و كۆمپانیایانه ژماره‌یان زۆره و هه‌ر كۆمپانیا و به نرخێك ده‌رمان ده‌هێنیت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌لای ئێمه گرنگه ده‌بێت ده‌رمانه‌كان له كوالیتی كۆنتڕۆڵ ده‌ربچێت، ئینجا ده‌توانن ده‌رمانه‌كان بهێنن".
سه‌رۆكی سه‌ندیكای ده‌رمانسازان لقی هه‌ولێر وتیشی: "چاوه‌ڕێی په‌رله‌مان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی پشتگیریمان بكه‌ن بۆ جێبه‌جێكردنی ڕێنماییه‌كانی نرخی ده‌رمان بۆئه‌وه‌ی بتوانین كۆنتڕۆڵی نرخی ده‌رمان بكه‌ین و سزای سه‌رپێچیكاران بده‌ین".
تێبینی/ ئه‌م بابه‌ته له 23/11/2010 له رۆژنامه‌ی ئاسۆ بڵاوكراوه‌ته‌وه.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق